شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو
کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور
سەرناو: داڕشتنەوە
لەبارەی شیعر: ٢٠٠٧/٤/١٤-هێلسنكی - لاپەڕەی ٥٠،٥١،٥٢ - نووسین: خالید قادری

تۆ ھێندە پەرتی، 
بەمن و دونیا و ئەو گەردوونەدا 
پڕژاوی وەک مەی، 
مەراقمە جارێک بەرجەستەت بکەم، 
بتبینم وەک ھەی! 
***

لە تاریکیدا باشتر دەبینم! 
لە تاریکیدا
باشتر مەتەڵ و مامک ھەڵدێنم، 
تۆش وەک شاپەڕی ئەستێرەکانی، 
قەت بێ تاریکی 
تیشکت ناگاتە ڕیشە و لکوپۆم. 
بۆیە، کە ئەمشەو 
دێیتە بن کەپری ڕەشەڕێحانم، 
با ھیچ نەسووتێ: 
نە چرا، نە مۆم! 
دەمەوێ ھەمووت ھەڵبوەشێنمەوە، 
شانە بە شانە، 
ئەتۆم بە ئەتۆم، 
لە جەستەیەکدا داتبڕێژمەوە، 
مشتوماڵت کەم بە ئارەزووی خۆم!